
دوو بنچینە زێڕینەكەی دینداری
لەبنچینەكانی سەلامەتی دین ودینداری ڕاست ئەوەیە: هەموو بیدعەیەك لە دیندا بەڕەهایی ڕەتكەیتەوە وتەنها دەست بە سوننەتەوە بگریت و یەقینت هەبێت لە عیبادەتدا موسوڵمان هەرگیز پێویستی بەبیدعە وكاری داهێنراو نییە، ئەوەش بزانە بیدعە چاك وخراپی نییە، بەڵكو خراپ وخراپتری هەیە (وكل بدعة ضلاڵة) بنچینەیەكی گشتی ئیسلامە.
هەروەها هەر فەرمودەیەك (ضعیف) بوو، هەموو ڕێگەكانی بەدەر نەبوو لە كێشە و ڕاوی جەرح كراو، نە لە حەڵاڵ و حەرام و نە لەهیچ بوارێكی دیندا تەنانەت لە (فضائل الأعمال)یشدا فەرموودەی وا ضعیف وەرمەگرە و كاری پێ مەكە، با لە هەر كتێبێكدا هاتبێت، یان هەر زانایەك بینای لەسەری كردبێت و وەریگرتبێت، چونكە عیبادەت ودین بە گشتی وەكو چۆن بە بیدعە وشێوازی داهێنراو درووست نییە ودانامەزرێت، ئەگەر لەسەر بنەمای فەرموودەیەكیش بێت كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بەیەقین نەیفەرمووبێت هەر درووست نییە ودانامەزرێت.
لە هەبوونی هەزاران فەرموودی (صحیح) لە هەموو بوارەكانی دیندا، هیچ نیازێكمان نە بیدعە و نە بە فەرموودەی (ضعیف) هەیە.
ئەمە ئامۆاژگارییەكە بۆ خۆم و هەموو دڵسۆزانم بە ئاوی زێڕ بنووسرێتەوە هێشتا كەمە و بەڵگەكانی قورئان و سوننەت شایەتی بۆ دەدەن.
تەشەنە كردنی بیدعە لەناو موسوڵماناندا هەمیشە لەسەر حیسابی كاڵبوونەوەو نەمانی سوننەت ڕوودەدات، فەرموودەی (ضعیف) و(موضوع)یش هەمیشە چەكی دەستی هەموو موبتەدیعێكە بۆ ئەنجامدان و بڵاوكردنەوەی بیدعەكەی.
240420043847.jpg)



