العربیة
/گشتی/
بۆچی موسوڵمانان بەدەم فەتواكەی یەكێتی جیهانی زانایانەوە نەچوون؟
: 9
2025-05-02

 

بۆچی موسوڵمانان بەدەم فەتواكەی یەكێتی جیهانی زانایانەوە نەچوون؟

لەسەردەمانی كۆندا یەك زانا كە فەتوایەكی دەردەكرد بەمەرجێك زانایەكی پەرێز پاك و عەقیدە ڕاست و بەرجەستەكەر بوایە بۆ ئەوەی كە دەیلێت، هەموو موسوڵمانان بەدەنگییەوە دەچوون و گوێڕایەڵی دەبوون و فەتوای ئەو تەنها زانایایە گۆڕانكاری گەورەی لەناو كۆمەڵگادا درووست دەكرد!.

ئەی كەواتە بۆچی لە ئێستادا دەستەیەكی جیهانی لە زانایان فەتوایەك دەربارەی كێشەیەكی حەق ورەوا دەردەكەن و فەتواكەیان كاریگەرییەكی بەرچاوی نییە.

بۆچی فەتواكەی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان سەبارەت بە ڕاگەیاندنی جیهاد لە غەززە دەنگدانەوەیەكی گەورەی بەدوای خۆیدا نەهێنا و تەنانەت بە (أضعف الإیمان) یش بێت نە لەلای ئیسلامییەكان و نە ئەوانەش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا شەوڕۆژ پشتگیری غەززە دەكەن وەڵامدانەوە و دەنگدانەوە وكار لەسەر كردنیان بۆ ئەو فەتوا پێیەوە نەبینرا؟

- ئایا دەگونجێت لەبەر ئەوە بووبێت فەتواكە ئەسڵەن كاردانەوەیەكی عاتیفی بێت و ناواقیعی بێت وقابیلی جێبەجێكردن نەبێت و ڕەچاوی توانا و لاوازی موسوڵمانانی تێدا نەكرابێت بۆیە حاڵ بەوە گەیشت ئەوانەش كە دەبوو بەگەرموگوڕی پێشوازییان لەو فەتوا بكردایە ئەوانیش بە ساردوسڕی چوون بەدەم بەفەتواكەوە وبەعەمەلی خۆیان بەخاوەنی نەكرد؟

- یان هۆكارەكەی ئەوەیە ئومەتی ئیسلام لە ئێستادا تووشی داڕوخانی دەروونی وبەزین و هەست كردن بەكەمی ولاوازی وشانازی نەكردن بەدینەكەیان بوونە و گیانی بەرگریكرنیان بەتەواوی لە دەست داوە و بەغیرەتی ناویان ئەوانەن كە دوعایەك بۆ ئەهلی غەززە دەكەن یان بەلای زۆرەوە پارەیەكی كەمیان بۆ دەنیرن؟

- یان نەخێر موسوڵمانان كێشەی غیرەت و ئازاییان نییە وهێشتا ئوممەت پڕە لە خەڵكی بەغیرەت وخۆ نەویست و ئیسلام ویست و ئامادە لە پێناو دین و براوخوشكەكانیاندا گیان وماڵیان بكەن بە قوربانی، بەڵام واقیعێكی تاڵ هەیە ئەویش ئەوەیە دوژمنەكەیان زۆر لە خۆیان بەهێزترە و كارەساتەكە بەوەشەوە نەوەستاوە زۆربەی وڵاتانی جیهانیش پشتی ئەو دوژمنە دڕندەیەیان گرتووە و بۆیە جیهاد و ڕووبەڕووبوونەوە بەو مەعنا وشێوازە هیچ سوودێكی نابێت؟

- یان لەبەر ئەوەیە سروشتی ئەم جەنگە بۆ خۆی جیاوازە وشەڕەكە شەڕی دەستەو یەخە وشەڕی گۆڕەپان نییە و كێشەی فەلەستینییەكان كەمی جەنگاوەر و شەڕكەر نییە تاكو موسوڵمانان فریای براوخوشكەكانیان لە غەززە بكەون، بەڵكو كێشەی فەلەستینییەكان لە شتی تردا خۆی دەبینێتەوە و مەسەلەكە كەمی چەكدار و چەك و توانای مرۆیی نییە تاكو موسوڵمانان بچن بەهانایانەوە؟

- یان هۆكارەكەی ئەوەیە ئیسلامییەكان و موسوڵمانانیش بەگشتی جگە لە دوعا وخەمخواردن و بە پۆستی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ڕاگەیاندنەكان و قسەی نەزەری زیاتر توانای هیچی تریان نییە ومەسەلەی شەڕ كردن وچوونە ناو جەنگ ومردن لە پێناو ئەو كێشەیە ئەسڵەن هەر بیریشیان لێ نەكردووەتەوە وكار بەوە بگات پاشەكشە ئەكەن وئەڵێن ئێمە مەبەستمان تەنها پشتگیری مەعنەوی ودوعایە ومەسەلەی جیهاد ولێكەوتەكانی بە مەعنا ترسناكەكەی كە جەنگ وخوێن و برینداربوون و زیانی جۆراوجۆر دەگرێتەوە ئەوەیان هەر زوو لە حیساباتی خۆمان دەرمانكردووە؟

- یان نەخێر هۆكارەكە لە خودی لایەنی فەتوا دەركەرەكە و سەرۆكەكەیانە ! چونكە ئەوان بە دیاری كراوی لە مەسەلەی جیهاددا پێناسەیان بۆ جیهاد پێناسەیەكی لەوانەیە تایبەت بێت و لە ڕابردوودا پشتگیری هەندێك میللەتی ستەملێكراویان كردبێت و پشتگیری هەندێ میللەتی ستەملیكراوی حاڵەتی هاوشێوەی تریان نەكردبێت، بۆیە فەتواكەیان ئیعتیباری زۆری نەبوو! یان لەبەر ئەوەیە ئەو زانایانە خۆیشیان نەبوونەتە پێشەنگێك و فەتواكەی خۆیان بە كردەیی بەرجەستە بكەن و یەك دوو كەسیان لێ شەهید بێت بۆ ئەوەی موسوڵمانان چاویان لێ بكەن؟

بە كورتی: ئایا كێشەكە لە موسوڵمانانە غیرەتیان نەماوە، یان لە جۆری جەنگەیە كە جەنگێكی جیاوازە و فەتواكەی لەسەر جێبەجێ نابێت، یان كێشەكە لە خودی ئەوانەیە كە فەتواكەیان دەركردووە وقسەیان ئیعتیباری نییە؟