العربیة
/گشتی/
دوای قەرەبالغی مەكەوە!
: 7
2025-05-02

 

دوای قەرەبالغی مەكەوە!

دوای قەرەباڵغی مەكەوە ومتمانە بە زۆرینە مەكە، ئەگینا باجی هەڵەكەت دەبێت لەدین ولە دونیات بیدەیت. زۆرینە عادەتەن لەحەق لایانداوە. بیرۆكەی ئەوەی كە زۆرینە لەسەر حەقن لە بنچینەدا بیرۆكەكەو داوێكی شەیتانە و خەڵكی جاهیل و ناحاڵی بەدین خێرا پێوەی دەبن، هەر بۆیەیش دەبینی لە قورئاندا زۆرینە لە زۆربەی حاڵەتەكاندا زەمكراوە وبە لادان و گومڕایی و نەپێكانی حەق و وەسفی خراپ وەسف كراون.

هەركەی توانیت لە ڕێگەی عیلمی شەرعیی و عەقیدە وتەوحیدی پاكەەوە بەرچاو ڕوون بیت وكاریان پێ بكەیت، وەكو ئەوەیە لە تاریكستانی جەهل و نەفامیدا دوو چاوی ساغت هەبێت و ڕوناكییەكی پرشنگدارت بەدەستەوە بێت و لە جیاتی ئەوەی هاوشێوەی زۆرینە دەستت ڕابكێشن و نەزانیت بۆ كوێت دەبەن وپاشكۆیەك وبەڕیوەبەراوێكی ڕۆبۆت ئاسا بیت، ..

لە جیاتی ئەوە خۆت ڕێگای ڕاست دەگریتەبەر و لە هەموو مەترسییەكانی ڕێگا ئاگادار دەبیت ...خۆ ئەگەر زۆرینەش هەر هەمووی گومڕایی هەڵبژارد تۆ پاڵپشت بەو حەق و بەڵگانەی كە پێتە بە تەنها خۆیشت بیت بە ئەوپەڕی متمانەبوون بەڕێبازەكەی خۆت بەرەو ئامانجی راست ودرووست دەڕۆیت وئەم پێنج ودوو ڕۆژەی دونیا بە سەربەرزی بەسەر دەبەیت!

ئەگەر هەمووانیش ساردت بكەنەوە، یان پێت پێبكەنن، یان ئاستەنگت بۆ درووست بكەن، یان ناوو ناتۆرەی ناشیرینت لێ بنێن، تۆ لێیان بێ باك وبێ منەتی، یەقینت هەیە ئەوان شایانی بەزەیی و دوعای خێرن، ئەگەر ئەهلی هیدایەت وشایانی بن، ئەگەرنا هەواڵەی پەروەردگاریان بكە و هەر ئەویش چاكترین دادگەر وتۆڵەسێن و چاودێرە و بە دادگەری خۆی وبە شاییستەترین شێوە پاداشتی غەریبەكان و زۆرینە گومڕا و دارو دەستە و جاهیل وداماوەكانیش دەداتەوە.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ