
#دەمارگیری_و_تەقلیدی_مەزهەبی_لەتەرازووی_ئیسلامدا: 2
ئایا چوار پێشەوای مەزهەبەكان ڕازی بوون تەقلید بكرێن؟
باسی ئەوەمان كرد كە ئوممەت لە دوای وەفاتی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم وتێپەڕبوونی سەدە خەیرییەكان، بەتایبەتی لەدوای سەدەی چوارەمی كۆچییەوە بیدعە لە ناویاندا تەشەنەی كرد، نەك تەنها بیدعەی مەزهەبییەت، بەڵكو جۆرەها بیدعە لە دیندا كە مەگەر تەنها بەوە وەسف بكرێت: ( مَّا أَنزَلَ اللَّهُ بِهَا مِن سُلْطَانٍ ۚ).
لێرەدا پرسیارێكی گرنگ پێویستە لە خۆمان بكەین، ئەویش ئەوەیە ئایا ئەم چوار پێشەاو وزانایانەی تەقلید دەكرێن خۆیان بەوە ڕازی بوونە، فەرمانی تەقلید كردنیان بە خەڵكی كردووە، یان هیچ نەبێت بەوە ڕازی بوونە؟ وەڵامەكەی بە كورتی وەربگرە:
هەر چوار سەر مەزهەبەكان كە بریتین لە أبو حنیفة النعمان و مالك بن أنس و محمد بن إدریس و أحمد بن حنبل بەڕەحمەت بن، نەك هەر بەوە ڕازی نەبوونە كەس تەقلیدیان بكات، بەڵكو نەهیان لەو كارە كردووە و لە چەندین وتەی جیاوازدا كە زانایان بە سەنەدەوە لەوانەوە نەقڵیان كردووە جەختیان كردووەتەوە تەقلید نەكرێن، فەرموویانە ئێمە ئەمڕۆ قسەیەك دەكەین لەوانەیە سبەی لێی پەشیمان ببینەوە چونكە پێچەوانەكەیمان بۆ دەردەكەویت : بۆ نموونە زانایانی وەكو ابن عبدالبر لە جامع طلب العلم وفضله و ابن القیم لە أعلام الموقعین و شوكانی و زۆر زانای تر باسی ئەو مەسەلەیان بە تێرو تەسەل كردووە، من لێرەدا هەندێك لە ئەقوالی چوار پێشەوای سەر مەزهەبەكان دەهێنمەوە كە هەمووی بەسەنەدەوە لە سەرەتای كتێبی (صفة الصلاة)دا باس كراوە:
1- یەكێك لە قەولە مەشهورەكانی أبو حنیفة ئەوەبوو كە دەیوت: ( إذا صح الحدیث فهو مذهبي) واتە لە كوێ فەرموودەیەكی صحیح تان بینی ئەوە مەزهەبی منە. واتە مەزهەبی مەزهەبی دەلیلی شەرعییە!
هەروەها لێی دەگێڕنەوە بە أبو یوسف ی قوتابی خۆی وتووە: هاوار بۆ تۆ أبو یوسف نابێت هەرچیت لە منەوە بییست بینووسیتەوە، من ئەمڕۆ بۆچوونێكم هەیە سبەی لێی پەشیمان دەبمەوە وبۆچوونێكی ترم بۆ درووست دەبێت، سبەی قسەیەك دەكەم دوو سبەی لێی پاشگەز دەبمەوە ودیدو بۆچوونێكی ترم بۆ درووست دەبێت.
هەروەها دەیفەرموو ئەگەر وتەیەكی من پێچەوانەی كیتاب وسوننەت بوو دەستبەرداری قسەكەی من ببن. بەڵام ئێستا قسەكانی ئەوو زاناكانی دوای خۆی لەلایەن هیچ موقەللیدێكەوە هیچ تێبینی لەسەر نییە وەكو ئایەت و فەرموودە وەردەگیرێت، بەهەمان شیوە شوێنكەوتوانی مەزهەبەكانی تریش، دەڵێن بێگومان ئەوان بەڵگەكەیان لابووە ولەبەر حیكمەتێك كاریان پێ نەكردووە!!
شایانی باسە ئەبو حەنیفە پێش ئەوەی فەرموودە كۆبكرێتەوە وەفاتی كردووە، ئەگەر لە ژیاندا بمایە وئەو هەموو فەرموودانەی ببینیبا لە زۆر بۆچوون و قیاسەكانی بێگومان پاشگەز دەبوویەوە.
2- سەبارەت بە پێشەوا مالك بن أنس ئەویش قسەی زۆری لێ دەگێڕنەوە، بۆ نموونە دەیفەرموو: من مرۆڤێكم لە هەندێ بۆچوونەكاندا دەیپێكم و هەندێ جاریش بەهەڵەدا دەچم، بۆیە لە قسەكانم ورد ببنەوە كامەی موافیقی كیتاب و سوننەت بوو وەریبگرن، كامەشی موخالیفیان بوون وازی لێبێنن و كاری پێ مەكەن. هەروەها دەیفەرموو: هیچ كەسێك نییە جگە لە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم نەبێت، ئیللا قسەی لێ وەردەگیرێت و قسەشی ڕەتدەكرێتەوە.
3-لە پێشەوا شافعییەوە بەهەمان شێوە وتەی زۆری لەو چەشنە لێ دەگێڕنەوە، بۆ نموونە دەیفەرموو: ئیجماعی موسوڵمانان لەسەر ئەوەیە هەركێ سوونەتێكی پێغەمبەری صلی الله علیه و سلم بۆ دەركەوت بۆی نییە لەبەر قەولی هیچ كەسێك كاری پێ نەكات.
هەورەها دەیفەرموو ئەگەر لە نووسینی مندا شتێكتان بە خیلافی فەرموودەكانەوە بینی قسەی من فڕێبدەن و فەرموودەكە وەربگرن. هەروەها دەیفەرموو: هەموو فەرموودەیەك لە رسول الله صلی الله علیه و سلم جێگیر بوو ئەوە قەولی منە، با نەشموتبێت و لێم نەبیسترابێت.
4- پێشەوای چوارەمیش كە أحمد بن حنبل بوو، هاوشێوەی پێشەوایانی تری مەزهەبەكان قەولی زۆری لێ دەگێڕنەوە، بۆ نموونە فەرموویەتی: (إذا صح الحدیث فهو مذهبي) واتە مەزهەبی من مەزهەبی فەرموودەی سەحیحە، لە كوێ فەرموودەیەكی ڕاستتان بینی ئەوە مەزهەبی منە.
هەروەها دەیفەرموو: تەقلیدم مەكەن، تەقلیدی مالك و أوزاعی وثوری مەكەن، بەڵكو ئەوان لە كوێوە زانستیان وەرگرتووە ئێوەش لەوێوە وەربگرن. یەكێكیش لە قەولە مەشهورەكانی ئەوە بوو كە دیفەرموو: ( من رد حدیث رسول الله صلی الله علیه و سلم قهو علی شفا هلكه) واتە: هەركێ فەرموودەیەكی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ڕەتبكاتەوە، ئەوە لە لێواری لەناوچوون و بە هیلاك چوونی خۆیدایە.
ئەمەی سەرەوە كە باسم كرد مشتێك بوو لە خەرواری وتەكانیان كە نەهیان لە تەقلید كردنی مەزهەب و ڕاو بۆچوونەكانی خۆیان كردووە، بەڵام مرۆڤەكان بە سروشتیان حەزیان لە زێدەڕەوی و تەقدیس و پیرۆز تەماشا كردنی مرۆڤەكانی وەكو خۆیانن، بۆیە دەبینی پێچەوانەی فەرمانی پێشەواكانی خۆیان كار دەكەن و بە قسەیان ناكەن، ئەوان بەتوندی داوایان لێ كردوون تەقلیدیان نەكەن، بەڵام شوێنكەوتووان ئەڵێن نەخێر ئەبێت هەر تەقلیدی ئیوە بكەین و ئێوە هەرچیتان وتووە حەقی بێگومان و قسەی بەڵگەدارە! هەروەكو مەسەلەی ئەو شێخەی دەیوت من غەیب نازانم و موریدەكانی نەیانوت بۆ خۆی قسە دەكات ئەو غەیب دەزانێت!
بەلێ ڕاستە ئەو زانایانە زانای بەرز و بەڕێزی ئیسلام بوون، بەڵام ئەوان خۆیان دان بەوەدا دەنێن كە ڕەوا نییە و نادروستە وا بزانرێت هەرچی فەتوا و حوكم و قسەیان هەیە و ڕاستەو تەواوە، لەم بارەشەوە جگە لەم چەند نموونەی باسمان كرد، دەیان قەولی ڕوون و ئاشكرایان هەیە، لەبەر درێژەنەدان بە بابەتەكە باسم نەكرد،



240429015800.jpg)
